/   هەواڵ
(رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) بەشداریکرد لە دووەمین پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردن
2025-08-21
لەچوارچێوەی ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق٢٠٢٥، (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) بەشداریکرد لە دووەمین پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردن لە ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی و ناوەندەکانی تۆمارکردن.
بەمەبەستی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی دووەمین پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ ئامێرەکانی دەنگدان و سۆفت وێرو گواستنەوەی ئەنجامەکان لە ڕێگەی میدیای گواستنەوەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٥، دووەمین پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردن لە ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی و ناوەندەکانی تۆمارکردن بەڕێوەچوو.
هاوکات سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان لە ڕێگەی فەرمانگەی ئەلیکترۆنییەوە چاودێری پرۆسەکەیان دەکرد، کە لە ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان و ژمارەیەک ناوەندی تۆمارکردن ئەنجامدرا. پرۆسەی ھاوشێوەکردنەکە بە ئامادەبوونی چاودێران و ھاوبەشانی ھەڵبژاردن ئەنجامدرا.
ستافی کۆمسیۆن لە بنکەکانی دەنگدان دەنگیان دا و ژماردنەوەی دەستی و ڕیزکردنی سەرجەم دەنگەکانیان ئەنجامدا.
شایانی باسە کە کۆمسیۆن پێش هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کۆمەڵێک پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردن ڕێکدەخات بۆ دەنگدانی تایبەت و گشتی، هەروەها ژماردن و ڕیزکردنی دەستی، بۆ دەستنیشانکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، ئەگەر هەبن.