/   هەواڵ

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لیژنەیەكی بۆ چاودێریكردنی کاندیدەکان پێكهێنا

2025-08-23

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی هەڵواسینی پۆستەر و وێنەی ئەو كاندیدانەی كە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران خۆیان کاندید کردووە و  بەر لەوادەی خۆی دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشە كردووە.

نیبراس ئەبو سودە، یاردەدەری وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، بڵاوكردنەوەی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، بەر لەوادەی فەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بە سەرپێچیكردنی یاسا ئەژمار دەكرێن.

ناوبراو راشیگەیاند، كۆمیسیۆن لیژنەیەكی تایبەتی بۆ هەڵواسینی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان پێکهێناوەو راپۆرتی خۆی بەرز دەكاتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران، دووپاتیشیكردەوە، هەموو جۆرە حاڵەتێكی بانگەشەی پێشوەختە بە سەرپێچی یاساو رێنماییەكان دادەنرێت و پێویستە كاندیدەكان پابەندی پێورەكانی هەڵبژاردن بن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەوچوارچێوەیەشدا چەندان کاندیدی دوورستۆتەوە کە ئەو مەرجانەیان تێدا نییە، کە کۆمسیۆن بۆ خۆکاندیدکردن دایناون.

زیاتر بخوێنەوە