/   هەواڵ

روانگەی پەرلەمانی عێراقی: خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  لاوازترین خولی پەرلەمانە

2025-10-19

خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2022 - 2025) لاوازترین خولی پەرلەمانە
روانگەی پەرلەمانی عێراقی لەنوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند کە: خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2022 - 2025) لاوازترینە، لە ساڵی 2005وە هێندە لاواز نەبووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێنجەمیدا تەنها 148 دانیشتنی بەستووە و كەمترین كاتژمێر كاریكردووە لە هەموو مێژووی خۆیدا، كە دەگاتە 294 كاتژمێر و 42 خولەك.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ دانیشتنێكی لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامنەداوە و بۆ 20 جار دانیشتنی دوايخستووە و 116 دانیشتنیشی ئەنجامنەداوە، كە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دوبوایە ئەنجامبدرانایە.
سەبارەت بە پەسەند کردنی یاساکانیش، لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە درێژایی خولی پێنجەم، تەنها  69 یاسای پەسەند كردووە، ئەمەش كەمترین ژمارەی پێوانەییە لە ساڵی 2005وە، هەروەها نۆ لیژنەی پەرلەمانی لە ماوەی سێ‌ ساڵدا هیچ یاساییەكیان تەواونەكردووە و 76 پەرلەمانتاریش هیچ چالاكییەكیان نەبووە.
 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ماوەی چوارساڵی کارکردنی خولی پێنجەمیدا تەنها دوو دانیشتنی كردووە بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە و چەندین دۆسیەی بانگهێشتكردنی گەورە بەرپرسانی پشتگوێ‌ خستووە یەكێك لەوانە بانگهێشتكردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.
روانگەی پەرلەمانی پێیوایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خراپترین خولی لە مێژووی خۆیدا تۆماركردووە لە رووی پابەندبون و قەبارەی بەرهەمی یاسایی و كاری چاودێرییەوە، ئەمەش وەك راپۆرتەكە باسی دەكات، كشانەوەیەكی مەترسیدارە لە رۆڵی دامەزراوە یاساییەكان و لاوازی لە چاودێریكردنی دەسەڵاتداری جێبەجێكار.
روانگەی پەرلەمانی عێراقی، لەلایەن دامەزراوی (المدارک)ی عێراقییەوە بەڕیوەدەبرێت و مانگانەو وەرزانەو ساڵانە راپۆرتی چاودێری خۆی لەسە ئاستی بەجێگەیاندنی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) بۆ رایگشتی بڵاودەکاتەوە.
 

زیاتر بخوێنەوە