/   هەواڵ

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم خانەنشین دەکرێن

2025-10-21

بەگوێرەی نوسراوێکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیارن هەرێمی کوردستان بە ژمارە (١١٧٦٠) لە (٢٣/٩/٢٠٢٥) دەرچووەو ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە، تیایدا هاتووە:
بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەلیستێک ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی پاریزگاکان کە (١٥) ساڵ خزمەت و (٤٥) ساڵ تەمەنیان هەبێت، بۆ ئەم سەرۆکایەتیە بەرزبکەنەوە، تاکو بەپێی حوکمەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ئیتحادی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، بۆ ئاگاداری و کاری پیویست.
شایانی باسە پاش راگرتنی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە لە ( ٢٤/٩/٢٠٢٣)، چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بەنادیاری ماوەتەوە، نەلایەنە سیاسیەکان فشار بۆ ئەنجامدانی خولی نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن، نە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری لەبارەوەداون.
 لە ئێستادا کە زیاتر لە دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆتایهێنان بەکاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڵام هێشتا چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیار نییەو  هیچ ئەنجومەنێک بەفەرمی دانەخراوە.
- زیاد لە دووساڵە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێ ئەوەی کارەکانیان ئەنجامبدەن مووچە وەردەگرن.
لە ئێستاشدا (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) بە پاڵپشتی رێکخراوی (NED) ئەمریکی بەردەوامە لە هەڵمەتی کاراکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم، بەمەبەستی فشار دروستکردن بۆ دیاریکردنی کاتێک بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا چەند چالاکییەک لە هەڵمەتەکە بەڕێوەچوو، بڕیاریشە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی هەرێمی کوردستن، هەنگاوەکانی دیکەی هەڵمەتەکە بەردەوام بن.


زیاتر بخوێنەوە