خدیجە عبدالجبار احمد
2020-05-08      1207 جار بینراوە        کۆمێنت
خدیجە عبدالجبار احمد
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

لە راگەیەنراوەکەی کۆبوونەوەی سێشەمەی ئەنجومەنی وەزیران ٢٠٢٠/٥/٥ ،ئاماژە بەوە کراوە کە گوایە پرسی لامەرکەزی ئیداری لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدایە ...ئەڵبەت ئەم بابەتە بابەتیکی نوێ نیە ،جونکە هەر دەرچوونی یاسای ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩ ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە پارێزگاکان خۆی بەدەق هاتووە کە یاساکە لەپێناوی لامەرکەزی کارگێڕیدا دەرچووە.ئەوەی جێگەی سەرنج بوو حکومەت تەنها باسی دەسەڵاتی لامەرکەزی ئیداری کردووە بە بێ ئەوەی باسی لامەرکەزی دارایی بکات !!
 کە ئەمە بۆ خۆی زەقترین خاڵی جیاوازە لەوەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی داوای دەکات و ئەوەی حکومەت باسی کردووە ....بەدەر لە ئەو هەموو گرێ و کۆسپە شەخسی و حیزبیانەی کەلەڕێی باشکردنی ئیدارەدانی حکومەتی هەرێم دایە بە ئاڕاستەی چاکسازی و چەسپاندنی دەسەڵاتی مەرکەزی چ جای لامەرکەزی ، بەخوێندنەوەی ئێمە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە لامەرکەزیە ئیداریە هاوکات دەسەڵاتی دارایی لەتەکدا نەبێت ، دەپرسین چ بەرهەمێکی دەبێت؟با پاریزگار یان بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی دیاریکردنی هەر پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری هەبێت ، کەدەسەڵاتی خەرجی لەلا نەبێت و بۆ رەزامەندی خەرجکردن بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت ج سودێکی دەبێت؟دەسەڵاتی چاودێری کردنی داهاتی ئیدارەی خۆجێیەتی و شارەوانی و هاتوچۆ و باج و رسومات و دەروازەکان لە ژیر جاودیری و دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا نەبێت ئیتر ئەم لامەرکەزیە چ بەرەوپێشچوونێک دەخوڵقێنێت؟ چ سنورێک بۆ گەندەڵی دادەنێ؟
ئەوەی لەراگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەم دەسەڵاتە نیازی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی داراییان نیە بۆ پارێزگاکان ، بێ گومان هۆکارەکەشی ڕوونە ، کە حکومەت خاوەنی تەواوی ئەم داهاتانە نیە و بەشێکی زۆری بەرێگەی جیاواز لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە دەستی بەسەردا دەگیررێت ئەگەرچی بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆش بێت ،بۆنمونە لەڕێگەی بەرپرسە بازرگانەکانیان یان کۆمپانیا سێبەرەکانەوە یان بەقاچاخ هەناردەکردن و هاوردەکردن ....
بۆیە پێویستە ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی پێداگیری بکات لە پرۆژەکەیدا کە کاتێک باسی چەسپاندنی دەسەڵاتی لامەرکەزی دەکات، (ئیداری و دارایی) دوانەیەکن نابێ لەیەکتر جیابکرێنەوە ...کەئەمەش بێ گومان دەبێت بەیاسا رێک بخرێت ، ئەوە نیەتی دەسەلات بێت و ئەوەش دۆخی دەزگای یاسادانان بێت (پەرلەمان) کە دەیبینین ، ئەبێ ئەم خۆری لامەرکەزی ئیداری و داراییە کەی هەڵبێت کە بەدڵی هەموومان بێت؟..

SHARE
وتاری زیاتر
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft