کۆمەڵێک پەرلەمانتار و فراکسیۆنی کوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (11/1/2021) لە ‏کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا هاوپەیمانیەتێکی نوێیان راگەیاندو لەو بارەیەشەوە راگەیەنداروێکیان بۆ رایگشتی بڵاو کردەوە، کە ‏وێنەیەکی گەشتۆتە (پێگەی ئەلیکترۆنی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان)...‏
له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌هۆڵى كۆنگره‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، گروپی 15 كه‌ ‏له‌بەشێک لە په‌رله‌مانتارانى كورد له‌به‌غدا پێكهاتبوو‌ ئاشكرایكرد کە(هاوپەیمانی هیوای ‏کوردستانی)مان ڕاگەیاندوه‌ له‌به‌غداو له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران‎.‎
هاوپەیمانیەتیەکە  پێکهاتووە لە فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ‏سەربەخۆ، ئایندە) هەروەها هەریەکەلە  (سروە ونس و یوسرا رەجەب)یش ئەندامی هاوپەیمانیەتیەکەن.‏
شایانی باسە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) زۆرینەی پێکهاتەی فراکسیۆنە کە پێکدەهێنن.... ‏
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:‏
پەیامی راگەیاندنی (هاوپەیمانی هیوای کوردستانی)‏‎
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان ‏
ئێمە وەکو کۆمەڵێک پەرلەمانتار و فراکسیۆنی کوردستانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسۆنگەی هەستکردنمان بە گەورەیی ‏ئەو بەرپرسیارێتیەی لەسەر شانمانە و ئەو مەترسیانەی روویان لەوڵات کردووە، لەپێناو گەشەپێدان و بەهێزکردنی رۆڵی ‏نوێنەرایەتیمان و وازیکردنی بەرپرسیارێتیی سەرشانمان و هەروەها لەبەرئەوەی لەپێکەوەبووندا هێز و یەکگرتوویی بەرهەمدێت ‏و لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی قۆرغکاریی نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بە تەنها بۆ چەند هێزێکی دیاریکراو و بۆ بەرگریکردن ‏لەمافە دەستورییەکانی خەڵک لەژیانێکی کەرامەتمەندانە و بەرجەستەکردنی زیاتری سیستمی فیدراڵی و بەهێزکردن و ‏پارێزگاریلێکردنی و بۆ دوورخستنەوەی قوت و بژێوی خەڵک لەشکستی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و ململانێ سیاسیە نەزۆکەکانیان و ‏بۆ بونیاتنانی ژیانێکی سیاسی پشتبەستوو بە هاوپەیمانیی چاکەخوازان نەک هاوپەیمانیی گەندەڵکاران، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون ‏و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان نەک لەسەر بنەمای بازرگانیکردن بە دین و مەزهەب و نەتەوەوە‎.‎
ئێمە بۆ رایگشتی رایدەگەیەنین کە بەرهەمی پێکەوەکارکردنی هاوبەشمان لەماوەی رابردوودا دەچێتە قۆناغێکی نوێ-وە کە ئەویش ‏دروستکردنی (هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی)ە کە لەئێستادا لە(١٥) پەرلەمانتاری فراکسیۆنە کوردستانییە جیاوازەکان پێکدێت و ‏رێککەوتووین لەسەر‎:‎
‏١‏‎/‎رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەمارگیرییەکی حزبی و ئایدیۆلۆژی و تائیفی و هەوڵدان بۆ گەڵاڵەکردنی پەیماننامە و بەرنامەیەکی ‏چاکسازیخوازانەی ئەوتۆ کە لەسەرووی لایەنداری بەرتەسکەوە بێت و جەختی تەواو لەسەر هاووڵاتی و مرۆڤ و ماف و ‏کەرامەتی دەکاتەوە و دەبێتە مایەی هێنانەکایەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموواندا‎.‎
‏٢‏‎/‎ناسنامەی کوردستانیمان و پێداگریمان لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان کە بەرهەمی خوێن و خەباتی مێژووێکی دوور درێژە، ‏بە مانای ئەوە نیە کە هەموو پرسەکانی عیراق و کێشەکانی گەلەکەی و داخوازییەکانی چاکسازی، کە لەپێناویدا لەسەرتاسەری ‏عیراقدا خۆپیشاندان ئەنجامدرا و چەندین شەهیدیان لێکەوتەوە، کێشەی ئێمە نین، بەڵکو چارەنووسی چاکسازیی لەنێوانماندا ‏هاوبەشە، هەروەها ئەو بنەمایانەی کە دەوڵەتی رەشیدیان لەسەر دادەمەزرێت بۆ هەردوو ئاست هەر یەکە، هەربۆیە ئێمە ‏داوادەکەین کە هاوپەیمانیی چاکسازیخوازان دژ بە هاوپەیمانێتیی گەندەڵکاران بێتە کایەوە کە وڵاتی بەم بارودۆخە مەترسیدارە ‏گەیاندووە کە لەهەموو ناوچەکانی وڵات، عیراقییەکانی تێدا دەژین؛ هەر لەخراپی خزمەتگوزاریەوە تا دەگاتە لاوازیی ئاسایش و ‏تەشەنەسەندنی گەندەڵی و پشێوی و لاوازیی سەروەری و گرەوکردن لەسەر پشتیوانی لایەنی دەرەکی‎.‎
‏٣‏‎/‎تێدەکۆشین بۆ بنیاتنانی پەیوەندیەکی تەندروست و پتەو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم کە لەسەر بنەمای ‏شەفافیەت و نەزاهە و دەستور و بەرپرسیارێتیی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتەکەدا، دەستەبەری مافەکانی گەلەکەمان و قوت ‏و کەرامەتی بکات . هەروەها پێمانوایە کە نەبوونی حوکمڕانیەکی کامل و بەرژەوەندیی گەندەڵکاران و خۆدزینەوە ‏لەبەرپرسیارێتی، هۆکاری گەیشتنی پەیوەندیی نێوان هەردوو لایە بەم رۆژە کە بۆتە هۆی برسیکردنی گەلەکەمان و بێبەشکردنی ‏لەمافە رەواکانی و پێمانوایە کە چارەسەر بریتیە لەدەستپاکی و دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەستور و بەهێزکردنی سیستمی ‏فیدراڵی‎.‎
‏٤‏‎/‎کار بۆ گێڕانەوەی هیوا دەکەین بۆ خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی ئەوانەی گەندەڵی و ساختەکاری و ئیدارە و حوکمی خراپ، ‏وایکردووە کە لەبەشداریی سیاسی دووربکەونەوە و متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی نەمێنێت و وایدەبینین کە ئەم هاوپەیمانێتیەمان ‏وەڵامدانەوەیەکی سروشتیە بۆ هیوا و چاوەڕوانیەکانی گەلەکەمان و ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی لەبەردەمدان‎.‎
‏٥‏‎/‎ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵ هیچ حزب و کەس و پرۆژەیەکدا نیە، بەڵام سەرسەختانە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنداری سیاسی، ‏بەرەنگاری گەندەڵی و چاوبەستەکێی سیاسی و پێشێلکاریی دەستوری و شێواندنی بنەماکانی حوکمی رەشیدین لەهەر لایەکەوە بێت‎.‎
دەستیشمان درێژ دەکەین بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریمان دەکەن بۆ ئەو ئامانجە رەوایانەمان‎.‎
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە حوکمڕانیی وڵات و دەوڵەت و دامەزراوەکان لەچنگی حزب و مافیاکان دەبهێنرێت‎..‎
لەکۆتاییدا بانگهێشتی هەموو هێز و ئاراستە چاکەخوازەکان دەکەین بۆ کارکردن لەپێناوی دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و ‏راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لەرێگەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و پاکەوە کە پشت ئەستوربێت بە یاسایەکی دادگەری ‏دروست و کۆمسیۆنێکی بێلایەنی چالاک و لێهاتوو کە توانای دانانی رێکاری رێگریکردن لەساختەکاری و شێواندنی ئیرادەی ‏خەڵک و دووبارە خۆبەرهەمهێنانەوەی گەندەڵی و پشێوی، هەبێت‎.‎
بانگهێشتی رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین بۆ وازیکردنی رۆڵی راستەقینەی خۆی و پیادەکردنی مافە دەستوری و دیموکراسییەکانی ‏لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی کەرامەتمەندانە و دادپەروەر و خۆشگوزەرانی شایستەدا‎.‎
لەخوای گەورە داواکارین پشتیوانمان بێت و لەپێناوی چاکەی گشتیدا سەرمانبخات‎.. ‎
فراکسیۆنەکان/ گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، سەربەخۆ، ئایندە، سروە ونس و یوسرا ‏رەجەب‎ .‎
SHARE
© Copyright 2024 - KEODD.ORG All right reserved Developed by kurdsoft